بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت.
1خودا پەناگا و هێزمانە،
لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت.
2بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،
ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،
3ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،
چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن.
4ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات،
ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.
5خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت،
لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.
6نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،
خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.
7یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.
8وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،
ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.
9جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،
کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،
گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.
10«هێوربنەوە، بزانن کە من خودام،
لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،
لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»
11یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.

Notes


*^ جۆرە ئاوازێکە، واتە بە دەنگی کچان.‏

زەبووری 46:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 7 و 11، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

زەبووری 46:4 ئۆرشەلیم، بڕوانە ئاشکراکردن 21، حزقیێل 40‏‏.‏

§زەبووری 46:10 خودا بۆ نەتەوەکان قسە دەکات.‏