لێخۆشبوون سنووری نییە
1عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «مەحاڵە ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناه دەکەن نەیەن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی هاتنیان. 2باشترە بۆی ئەگەر بەرداشێک بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە، لەوەی یەکێک لە قوتابییەکانم تووشی گوناه بکات. 3ئاگاداری خۆتان بن.
«ئەگەر براکەت هەڵەی کرد، سەرزەنشتی بکە، ئەگەر تۆبەی کرد گەردنی ئازاد بکە. 4ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی: ”تۆبە دەکەم،“ تۆ گەردنی ئازاد بکە.»
5ئینجا نێردراوەکان بە مەسیحی خاوەن شکۆیان گوت: «باوەڕمان زیاد بکە!»
6مەسیحیش فەرمووی: «ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەکیش باوەڕتان هەبێت، بەم دار تووە دەڵێن: ”هەڵبکەنرێ و لەناو دەریا بڕوێ،“ بە قسەتان دەکات.
7«کامەتان، ئەگەر کۆیلەیەکی هەبێت و خەریکی کاری کێڵگە و لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بێت، دوای ئەوەی کە لە کێڵگە هاتەوە، پێی دەڵێت: ”یەکسەر وەرە و دانیشە“؟ 8ئایا پێی ناڵێت: ”شتێکم بۆ ئامادە بکە بیخۆم، ناوقەدت ببەستە و خزمەتم بکە تاکو دەخۆم و دەخۆمەوە، پاشان تۆ بخۆ و بخۆوە“؟ 9ئایا سوپاسی ئەو کۆیلەیە دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی کرد کە فەرمانی پێ کرابوو؟ 10ئێوەش بەم شێوەیە، کاتێک هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکرێت دەیکەن، بڵێن: ”کۆیلەی شایستە نین، ئەرکی خۆمان بەجێگەیاندووە.“»
چاککردنەوەی دە نەخۆشی گول
11کاتێک عیسا دەچوو بۆ ئۆرشەلیم، بە نێوانی سامیرە و جەلیلدا ڕۆیشت. 12کاتێک کە چووە یەکێک لە گوندەکان، تووشی دە پیاو بوو کە نەخۆشی گولییان هەبوو. لە دوورەوە ڕاوەستابوون و 13دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان: «ئەی عیسا، ئەی مامۆستا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
14جا ئەوانی بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان نیشانی کاهینان بدەن.» کاتێک دەڕۆیشتن پاکبوونەوە.
15یەکێکیان سەیری کرد پاک بووەتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز ستایشی خودای کرد، 16لەبەرپێی عیسا بەسەر ڕوودا کەوت و سوپاسی کرد. کابرا سامیرەییش بوو.
17عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەرێ دە کەس پاک نەبوونەوە؟ کوا نۆیەکەی دیکە؟ 18هیچ کەسێکیان نەبینران بگەڕێنەوە و ستایشی خودا بکەن، ئەم بێگانەیە نەبێت؟» 19ئینجا پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ، باوەڕت ڕزگاری کردیت.»
هاتنی پاشایەتی خودا
20کە فەریسییەکان پرسیاریان لێکرد، کەی پاشایەتی خودا دێت، وەڵامی دانەوە: «پاشایەتی خودا بە جۆرێک نایەت کە ببینرێت، 21خەڵکیش ناڵێن: ”ئەمەتا،“ یان ”ئەوەتا،“ چونکە پاشایەتی خودا لە نێوتاندایە.»
22جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕۆژانێک دێت کە تامەزرۆن ڕۆژێک لە ڕۆژانی کوڕی مرۆڤ ببینن، بەڵام نایبینن. 23ئینجا پێتان دەڵێن: ”ئەوەتا لەوێیە،“ یان ”ئەمەتا لێرەیە،“ مەڕۆن و بەدوایدا مەچن، 24چونکە وەک ئەو هەورەتریشقەیەی لە لایەکەوە لەژێر ئاسماندا بروسکە دەدات و هەتا لایەکەی دیکە لەژێر ئاسماندا ڕووناک دەکاتەوە، کوڕی مرۆڤیش لە ڕۆژی خۆیدا بەو شێوەیە دەبێت. 25بەڵام دەبێت یەکەم جار زۆر ئازار بچێژێت و ئەم نەوەیەش ڕەتی بکەنەوە.
26«ڕۆژانی نوح چۆن بوو، لە سەردەمی کوڕی مرۆڤیشدا ئاوا دەبێت. 27دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، تاکو ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، لافاوەکە هات و هەموویانی لەناوبرد.
28«دیسان وەک ئەوەی لە سەردەمی لوت بوو، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، دەیانکڕی و دەیانفرۆشت، دەیانچاند و بنیادیان دەنا. 29بەڵام لەو ڕۆژەی لوت لە سەدۆم هاتە دەرەوە، خودا لە ئاسمانەوە ئاگر و گۆگردی باراند و هەموویانی لەناوبرد.
30«لەو ڕۆژەش کە کوڕی مرۆڤ ئاشکرا دەکرێت، ئاوا دەبێت. 31ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە سەربانە و شتەکانی لە ناو ماڵە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی. ئەوەی لە کێڵگەشە با نەگەڕێتەوە. 32ژنەکەی لوتتان بەبیر بێتەوە! 33ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی بیدۆڕێنێت دەیباتەوە. 34پێتان دەڵێم: لەو شەوەدا دووان لەناو یەک جێگان، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. 35دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. ⌟ 36دووان لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.⌞»
37لێیان پرسی: «لەکوێ گەورەم؟»
پێی فەرموون: «کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.»