1چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات،
زێڕی بێگەرد گۆڕا!
بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە
لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
2چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن،
ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران،
ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران،
دەستکردی دەستی گۆزەکەر!
3تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان
بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن،
بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە
وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.
4لەبەر تینووێتی
شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا.
منداڵەکان داوای نان دەکەن،
بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.
5ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد
لە شەقامەکاندا وێران بوون،
ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران
لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.
6سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو
لە سزای گوناهەکەی سەدۆم،
ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو
بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.
7میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون،
لە شیر سپیتر بوون،
جەستەیان لە یاقووت سوورتر بوو،
وەک یاقووتی شین بوون.
8بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە،
لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە.
پێستیان بە ئێسکیانەوە نووسا
وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕا.
9ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون
لەوانەی بە قاتوقڕی مردن.
ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت،
چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.
10دایکە میهرەبانەکان
بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا،
بوونە خۆراکیان
کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.
11یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت،
هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت.
ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد
بناغەکانی سووتاند.
12پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان
باوەڕیان نەکرد
کە دوژمن و ناحەز
دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.
13بەڵام ڕوویدا، لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی و
تاوانی کاهینەکانی،
ئەوانەی لەناوەڕاستیدا
خوێنی ڕاستودروستانیان دەڕشت.
14بە شەقامەکاندا وێڵ بوون
وەک کوێر.
خۆیان بە خوێن گڵاوکرد،
کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.
15خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە!
دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!»
کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون،
لەناو گەلاندا گوتیان،
«جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»
16یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن،
ئیتر چاودێرییان ناکات.
خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت،
لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.
17سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو
بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی،
لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین
بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.
18تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە
بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین.
کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە،
چونکە کۆتاییمان هات.
19ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون
لە هەڵۆکانی ئاسمان،
بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن،
لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.
20پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە،
لە بۆسەکانیان گیرا،
ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا
لەنێو گەلان دەژین.
21ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە،
ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ.
بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت،
سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.
22ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت،
ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە.
بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات،
گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.