گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.
1ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
2ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
3ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
4دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
5بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن،
لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
6خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان،
مۆئاب و هاجەرییەکان،
7جوبەیل و عەمۆن و عەمالێق،
فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
8هەروەها ئاشوریش چووەتە پاڵیان،
بوونە بازووی بەهێزی نەوەی لوت.
9هەروەک چیت لە میدیان کرد ئاوایان لێ بکە،
هەروەک چیت لە سیسرا و یاڤین کرد لە ڕووباری قیشۆن،
10کە لە کانی دۆر فەوتان،
بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
11گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ لێ بکە،
هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و زەلموناع،
12ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا
دەکەینە موڵکی خۆمان.»
13ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،
وەک کای دەم بایان لێ بکە.
14وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
15ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
16ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە،
تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
17هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانن،
ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!

Notes


*زەبووری 83:6 نەوەی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن لە هاجەری کەنیزەکەی. بە ژیانی کۆچەری و چادرنشینی بەناوبانگ بوونە، هەروەها لە بەکارهێنانی تیروکەوان.‏

زەبووری 83:7 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏

زەبووری 83:7 مەبەست لە جبیل بەشی باکوورە لە چیاکانی ئەدۆم، عەمونیش ناوی گەلێکە لە ناوچەیەکی شاخاوی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون نیشتەجێ بوون، عەمالێقیش بە کۆنترین دانیشتووانی باشووری سوریا دادەنرێن، نەوەی ئەلیفازی کوڕی عیسۆ کوڕی ئیسحاقن.‏

§زەبووری 83:8 مەبەست لە ئاشورییەکانە کە لە ناوچەی میسۆپۆتامیا ژیاون و ئیمپڕاتۆریەتێکی بەهێزیان هەبووە. نەوەی دووەم کوڕی شێمی کوڕی نوحن. بڕوانە پەیدابوون 10:22‏‏.‏

*زەبووری 83:8 مەبەست لوتی برازای ئیبراهیمە.‏

زەبووری 83:8 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

زەبووری 83:9 شارێکی کۆنە دەکەوتە چۆڵەوانی یەهوداوە.‏

§زەبووری 83:9 سیسرا سەرکردەی سوپاکەی یابینی پاشای کەنعانییەکان بوو لە خاچۆر. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ڕابەران بەشەکانی 4، 5.‏

*زەبووری 83:9 پاشای کەنعانییەکان بوو لە خاچۆر. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ڕابەران بەشی 4.‏

زەبووری 83:9 قیشۆن، ڕووبارێکە بە دەشتی ئیبن عامر دەڕوات لە فەلەستین.‏

زەبووری 83:10 شارێکە دەکەوێتە دووری نۆ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناسیرە، هەتا ئێستاش ئەمە ناویەتی.‏

§زەبووری 83:11 عۆرێب و زئێب، ناوی دوو سەرکردەی میدیانییەکانن بە دەستی ئەفرایمییەکان کوژران، دوای ئەوەی لەبەر گدعۆن هەڵاتن. بڕوانە ڕابەران 7:25‏‏.‏

*زەبووری 83:11 زەڤەح و زەلموناع، دوو پاشای میدیانییەکان بوون گدعۆن کوشتنی. بڕوانە ڕابەران 8:5‏‏.‏