زەبووری 54
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. هۆنراوەیەکی داودە کاتێک زیفییەکان هاتن و بە شاولیان گوت: «داود لەلای ئێمە خۆی شاردووەتەوە.»
1ئەی خودایە، بە ناوی خۆت ڕزگارم بکە،
بە هێزی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە.
2ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
قسەکانی دەمم ببیستە.
3بێگانە لێم هەستاون،
دڵڕەقەکان دەیانەوێ بمکوژن،
ئەوانەی ڕوویان لە خودا نەکردووە.
4بە ڕاستی خودا یارمەتیدەری منە،
پەروەردگار پشتگیری گیانم دەکات.
5با خراپە بگەڕێتەوە سەر دوژمنەکانم،
بە دڵسۆزی خۆت لە ناویان ببە.
6ئەی یەزدان، بەخشینی ئازادت پێشکەش دەکەم،
ستایشی ناوت دەکەم، چونکە چاکە.
7لە هەموو تەنگانەکان دەربازی کردووم،
سەرکەوتووانە چاوم بڕیوەتە دوژمنەکانم.
Notes
*^
دانیشتووانی زیف، کە شارێک بوو لە ناوچە شاخاوییەکەی یەهودا. ئێستا بە گردی زیف بەناوبانگە. دەکەوێتە دووری شەش کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی حەبرۆن.
†زەبووری 54:3
لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
‡زەبووری 54:6
بەخشینی ئازاد: ئەو بەخشینەیە کە کەسێک پێشکەشی خودای دەکات وەک سوپاسگوزارییەک بۆی. بڕوانە لێڤییەکان 22:18-23.