گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
1یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.
2کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن،
شاری پاشای گەورەیە.
3خودا لەناو قەڵاکانی
وەک پەناگایەک ناسراوە.
4ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
5کە بینییان تاسان،
بە ترسەوە هەڵاتن.
6لەوێ لەرزیان لێهات،
ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
7وەک کەشتییەکانی تەرشیش تێکت شکاندن،
بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.
8هەروەک بیستمان،
ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
لە شاری خودامان:
«خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»
9ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10ئەی خودایە، وەک ناوت
ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
کچانی یەهودا دڵخۆش دەبن
بەهۆی دادوەرییەکانت.
12بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
قوللەکانی بژمێرن،
13لە شووراکانی وردبنەوە،
بڕواننە قەڵاکانی،
هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.
14هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

Notes


*زەبووری 48:2 شاخی پیرۆز لە باکوور، لە فینیکیا، کە لە ئەندێشەی خەڵک شوێنی نیشتەجێبوونی خودا بووە.‏

زەبووری 48:2 مەبەست لە پاشای گەورە، خودایە. بڕوانە 47‏:2؛ 48‏:1.‏

زەبووری 48:7 جۆرە کەشتییەکی تایبەت بوون کە بۆ بازرگانی بەکاردەهێنران.‏

§زەبووری 48:8 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

*زەبووری 48:11 لە کەلتوری عیبری بە گوندەکانی دەوروبەری شارەکان دەگوترێ کچانی.‏