بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود
1ئەی خودای ڕاستودروستم،
کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.
لە تەنگانەدا بە هانامەوە هاتی،
لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
2ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟
هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟
3بەڵام بزانن کە یەزدان دڵسۆزەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.
4کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن،
بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتانن
لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
5قوربانیی ڕاستودروست بکەن و
پشت بە یەزدان ببەستن.
6زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»
ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت.
7تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە
زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.
8ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،
چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.

Notes


*زەبووری 4:2 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 4، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

زەبووری 4:6 خودا بە چاکەکانی بەسەرمان بکاتەوە، بڕوانە سەرژمێری 6:24‏-26.‏