1بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
2پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی و دەڵێن:
3«با کۆتەکانیان بشکێنین و
زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»
4ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
5ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
6«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن داناوە،
لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
7من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
8داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
9بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»
10بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12کوڕەکە ماچ بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.