دە ڕاسپاردەکە
1خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:
2«من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
3«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
4پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. 5کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 6بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
7ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆپاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
8ڕۆژی شەممەتان لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. 9شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 10بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، 11چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەمدا پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.
12ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
13مەکوژن.
14داوێنپیسی مەکەن.
15دزی مەکەن.
16بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
17چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
18کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان. 19بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.»
20موساش بە گەلی گوت: «مەترسن. خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.»
21گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە، کە خودای لێ بوو.
پەیکەر و قوربانگا
22یەزدان بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”ئێوە بینیتان کە لە ئاسمانەوە لەگەڵتان دوام. 23هیچ خوداوەندێک دروستمەکەن لەتەنیشت من بێت، بتی زیو و بتی زێڕ بۆ خۆتان دروستمەکەن.
24«”بە خۆڵ قوربانگام بۆ دروستدەکەیت و قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیت لە مەڕ و بزن و گاگەلەکەت لەسەری سەردەبڕیت، لە هەموو ئەو شوێنانە وا دەکەم ناوم بێتەوە یاد، دێمە لات و بەرەکەتدارت دەکەم. 25ئەگەر بە بەرد قوربانگات بۆ دروستکردم، با بەردەکان تاشراو نەبن، چونکە هەر قەڵەم و چەکوشێکی بخەیتە سەر ئەوا گڵاوی دەکەیت. 26بە پەیژە سەرمەکەوە سەر قوربانگاکەم نەوەک ڕووتیت لەسەری دەربکەوێت.“

Notes


*20:4 تاشینی پەیکەر، بە مەبەستی پەرستن وەک بت، بڕوانە بەشی 32.‏

20:5 بە واتای حەسوود دێت، ئەمەش بە مەبەستێکی باش هاتووە، چونکە خودا نایەوێت هیچ خودایەکی دیکە بپەرسترێت.‏

20:7 بەکارهێنانی ناوی خودا بە کەمتەرخەمی، بۆ نموونە هەر بە سەرزارەکی بگوترێت: بەخوا، وەڵڵا.‏

§20:8 ڕۆژی پشوودان. بڕوانە 16:23‏.‏

*20:11 وشەی شەباتی عیبری لە بنەڕەتدا بە واتای دەستهەڵگرتن لە کارێک لەدوای تەواوکردنی کارەکە دێت، هەروەها بە واتای پشوودان دێت.‏

20:13 مەکوژن: مەبەست بە ئەنقەست یان بە تووڕەیی. بڕوانە بەشی 21‏:12‏-17 و دواوتار 4‏:41‏-42.‏

20:24 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7:11‏-15.‏