بنیادنانی پەرستگای سلێمان
1ئینجا سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد لە ئۆرشەلیم لە کێوی مۆریا، کە لەوێدا یەزدان خۆی بۆ داودی باوکی دەرخستبوو. پەرستگاکە لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو، ئەو شوێنەی کە داود ئامادەی کردبوو. 2لە دووی مانگی دووەمی ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی دەستی بە بنیادنان کرد.
3سلێمان ئەم بناغەیەی لێدا بۆ بنیادنانی پەرستگای خودا، درێژییەکەی بە باڵ بەپێی پێوانە کۆنەکە، شەست باڵ و پانییەکەی بیست باڵ بوو. 4هەیوانی بەردەم پیرۆزگاکە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو، بەرزییەکەشی بیست باڵ بوو.
لەناوەوەش بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد. 5هۆڵە سەرەکییەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر داپۆشی و بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و وێنەی دار خورما و زنجیری لەسەر هەڵکۆڵین و 6پەرستگاکەی بە بەردی گرانبەها ڕازاندەوە بۆ جوانی و زێڕەکەش زێڕی پەرڤایم بوو. 7کاریتە و چوارچێوەی دەرگاکان، دیوارەکان و دەرگاکانی پیرۆزگاکەی بە زێڕ ڕووکەش کرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دیوارەکان هەڵکۆڵی.
8شوێنی هەرەپیرۆزیشی بنیاد نا کە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو و پانییەکەشی بیست باڵ بوو و بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد کە کێشەکەی شەش سەد تالنت بوو. 9کێشی بزمارەکانیش پەنجا شاقل زێڕ بوو، بەشەکانی سەرەوەشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.
10لە شوێنی هەرەپیرۆزدا پەیکەری دوو کەڕوبی تاشی و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. 11درێژی باڵەکانی هەردوو کەڕوبەکە بیست باڵ بوو: درێژی باڵی کەڕوبەکەی یەکەم پێنج باڵ بوو، بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت، درێژی باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو، بەر باڵی کەڕوبەکەی دووەم دەکەوت؛ 12بە هەمان شێوە درێژی باڵی کەڕوبەکەی دووەم پێنج باڵ بوو و بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت و باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو و بەر باڵی کەڕوبەکەی یەکەم دەکەوت. 13باڵەکانی ئەم دوو کەڕوبە کرابوونەوە و بیست باڵ درێژ بوون، لەسەر پێیەکانیان ڕاوەستا بوون و ڕووشیان ڕووەو هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە بوو.
14پەردەکەی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری تۆخ و کەتانی ناسک دروستکرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر چنی.
15لەبەردەم پپرۆزگاکەدا دوو کۆڵەکەی دروستکرد کە درێژی هەریەکەیان سی و پێنج باڵ بوو و ئەو تاجەی کە لەسەر هەر یەکێکیان بوو پێنج باڵ بوو. 16زنجیری هۆنییەوە و لەسەر سەری دوو کۆڵەکەکە داینان، سەد هەناریشی دروستکرد و بە زنجیرەکانەوە هەڵیواسین. 17دوو کۆڵەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکە ڕاگرت، یەکێکیان لەلای باشوور و ئەوی دیکەیان لەلای باکوور، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناونا یاکین و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناونا بۆعەز.

Notes


*3:3 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.‏

3:3 بیست باڵ: نزیکەی نۆ مەتر، لێرە و لە ئایەتی 4، 8، 11، 13.‏

3:6 جۆر یان سەرچاوەی زێڕەکەیە (دەشێت باشووری ڕۆژهەڵاتی عەرەبستان بێت).‏

§3:7 کەڕوبەکان: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە. بڕوانە حزقیێل 10:5‏‏.‏

*3:8 شەش سەد تالنت: نزیکەی 21 هەزار کیلۆگرام.‏

3:9 پەنجا شاقل زێڕ: نزیکەی 0,6 کیلۆگرام.‏

3:10 دوو کەڕوبی تاشی: بڕوانە یەکەم پاشایان 6:23‏‏.‏

§3:11 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر، لێرە و لە ئایەتی 12 و 15.‏

*3:15 سی و پێنج باڵ: نزیکەی 16 مەتر.‏

3:17 یاکین: واتە (بنیاد دەنێت).‏

3:17 بۆعەز: واتە (ئەو هێز و توانای تێدایە).‏